شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: مافی خۆمە
لەبارەی شیعر: قاقڵاوا، ١٣٥٠ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٥ و ١٦ ی چاپی ئەنیسی و ١١٠ و ١١١ ی دیوانی چاپی جەعفەر)

مافی خۆمە، لێمگەڕێن با هەروەها بێچارە بم [١] 
مەخسەرەی دۆم و دوڕاجی ئەم سەر و ئەو خواره بم

با، وەکوو کوێر و شەل و نوقسان و بێ‌ ماوە و هەژار [٢]  
تاکوو دەمرم چاوەڕێی ئیحسان و پووڵ و پاره بم

بەو هەموو باری گوناهه، بوو جدەو پشتم، خودا! 
تاوەکوو کەی دەست له ئەستۆی پیسی ئەو کرداره بم؟ 

کەی خەبەردارم دەکەی یا ڕەب به زەنگی مەرحەمەت؟ 
با بەس ئاخر موبتەلای ئەو شوێنه، ئەو ئاکارە بم

بەم هەموو تەبعه ڕەوانه، بەو هەموو هۆنراوەوە
چاکه نەبمه شوهرەیی ئافاق و هەر ئاواره بم [٣] 

عاقڵی و ژیری و زرنگی ئێسته بێ‌مۆدن لە لام
باشه وەک مەجنوونی سەرگەردان و وێڵ، پەتیاره بم

مەمکەنه بەرموور لە بەرچاوان به دەنگ و باسەوە
با وه‌پشت گوێم خەن جوانان، لێم‌گەڕێن با گواره بم

نەچمه سەر چاو وەک برۆ، وا چاکه من بۆ ماوەیەک
هەروەکوو ڕیشێکی بێ‌ئیش، جوانه هەر لەو خواره بم

شەرته ڕازی عیشقی خۆم هەر هەڵگرم تا مردنم
با له قەبریش‌دا ئەمن سندووقی ئەو ئەسراره بم [٤] 

تۆ که گۆت بردۆته دەر 'کامیل' له گوڵزاری ئەدەب! 
حەقته فەرمووی: هەر ئەمن با شێتی ئەو گوڵزاره بم

١. هەردوو اپی ئەنیسی و جەعفەر: هەروەها
٢. چاپی جەعفەر: بێ چارە و هەژار
٣. چاپی جەعفەر: ئافاق، هەر ئاوارە بم
٤. چاپی ئەنیسی: ئەسڕاڕە بم